|
ئه‌مرۆژانه کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵێکی تر به ته‌مه‌نی پر له زه‌برو زه‌نگی زیاد ده‌بێ و 31 یه‌که‌مین ساڵی ته‌مه‌نی جێژن ده‌گرێ. ئه‌م ساڵوه‌گه‌ڕه‌ی رێژیم له کاتێکدایه که جوڵانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئێعترازی به دژی رێژیم ده‌ستی پێکردووه که وا چاوه‌روان ده‌کرێ، رێژیم له جیاتی جێژن؛ شینی 31 که‌مین ساڵی بگێڕێ.
من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێوه نیم که ڕژێمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی له 31 یه‌که‌مین ساڵیدا له جیاتی جه‌ژن ، شین بگێڕێت. من له‌م باره‌یه‌وه هه‌ست به هیچ دیارده‌یه‌کی نامۆ به دژی کۆماری ئیسلامیی ناکه‌م که بتوانێت جه‌ژنه‌که‌ی لێبکات به‌شین.
پرسیار: ئاماده‌کاری‌یه‌کی زۆر کراوه که بتواندری زۆرترین خه‌ڵک بێننه سه‌ر شه‌قامه‌کان، به بروای به‌ڕێزتان هاتنی ئه‌و خه‌ڵکه زۆره بۆ سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌توانێ جۆره پاشه‌کشه‌یه‌ک به کاربه‌ده‌ستانی رێژیم بکات؟ واته رێژیم مل بۆ ویست و داخوازه‌کانی خه‌ڵک نه‌وی بکا؟
وه‌ڵام : من گومانم له‌وه هه‌یه که خه‌ڵکێکی زۆر بتوانێت له ساڵڕۆژی شۆڕشی 1979 ی ئێران‌دا بێننه سه‌ر شه‌قامه‌کان ، هه‌رچه‌نده به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو خه‌ڵک هه‌ن که بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌وڵده‌ده‌ن ، به‌ڵام وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئاماده‌کارییه‌کانی ڕژێمی دیکتاتۆریی ئیسلامیی پێش به‌و هه‌وڵانه بگرێت و نه‌هێڵێت چاوه‌ڕوانییه‌کان به‌جێبگه‌ن. هه‌روه‌ها گومان له‌وه‌دا نییه که هه‌رچه‌شنه به‌ربه‌ره‌کانییه‌کی گه‌وره و بچوک ، کارێگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر گۆڕانی سیاسه‌تی دوای ڕۆژی ڕژێمدا ، هه‌رچه‌نده من له‌گه‌ڵ کاردانه‌وه‌ی به په‌له‌ی ئه‌و دیارده‌یه نیم ، به‌ڵام ده‌بێ بڵێم که ڕژێم ناچار ده‌بێت له دواڕۆژدا به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانیدا بێته‌وه.
پرسیار: ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له نێوان ساله‌کانی 56 تا روخانی رێژیمی شا دا بکه‌ی پێتان وایه که ئوپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به گشتی مه‌وقیعه‌تیان ئه‌و کات باشتر بوو یا ئێستا، ئه‌گه‌ر بکرێ باسێکی ئوپۆزیسیۆن له سه‌ره‌تاکانی روخانی رێژیمی شا و ئێستا دا بکه‌ی؟
وه‌ڵام: زۆر ڕونه که هه‌لومه‌رج و به وته‌ی ئێوه مه‌وقعیه‌تی ئوپۆزسیۆنی ئه‌مڕۆ له ده‌ره‌وه‌ی ئێران ، بۆ به‌ربه‌ره‌کانیی به دژی دیکتاتۆرییه‌ت ، زۆر به‌هێزتره له دۆخ و مه‌وقعیه‌تی ئوپۆزسیۆن له سه‌رده‌می په‌هله‌وی دا. ده‌توانم بڵێم کارێگه‌ریی ئوپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له شۆڕشی 1979 دا ، زۆر که‌متر بوو له هه‌وڵ و تێکۆشان و له‌خۆبوردوویی جه‌ماوه‌ریی یه‌ک نه‌گرتووی ناوخۆی وڵات. بۆچی ده‌ڵیم یه‌ک نه‌گرتوو ، چونکه ئه‌گه‌ر ئوپۆزسیۆنی ئه‌و سه‌رده‌مه یان باشتره بڵێیم به ته‌نیا موجاهیدی خه‌ڵک ، چریکی فیدایی ، حیزبی توده ، جبهه‌ی میللی و له کوردستانیشدا ، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له به‌ره‌یه‌کدا کۆببووانه‌وه ، هه‌رگیز خومه‌ینی به دروشمی 1400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه نه‌یده‌وانی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت. شکانی شۆڕشی 1979 له په‌ڕشو بڵاویی هێزه سیاسییه‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرت و خومه‌ینی سودی لێ بینی! پرسیار: پێتان وایه که بزوتنه‌وه‌ی کورد ئاماده‌گی ئه‌وه‌ی هه‌یه که بتوانێ ده‌ورێکی شیاو له‌م هه‌ل و مه‌رجه دا بگێڕێ؟
وه‌ڵام: من ناڵێم بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا ده‌ور ببینێت ، چونکه له ڕاستیدا گه‌لی کورد به هه‌موو ئه‌زموونی ده‌یان ساڵه‌ی ، خاوه‌نی ئوپۆزسیۆنێک نییه که حیسابی بۆ بکرێت. ڕه‌نگه ئه‌و وته‌یه‌ی من سه‌یر بێته به‌رچاوی به‌ڕیزتان و خۆێنه‌رانی به‌ڕێزتان ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه له ته‌عه‌سوب و لایه‌نگریی کردنی ئه‌م هێز و ئه‌و هێز چاو بپۆشین ، ڕووبه‌ڕووی ڕاستییه‌ک ده‌بینه‌وه که ئازارمان ده‌دات!ئه‌مڕو ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که ده‌بێ ئیسکلێتی ئوپۆزسیۆنی کورد پێکبهێنن ، توشی قه‌یرانێکی خه‌مهێنه‌ر بوو‌نه‌ته‌وه که له مێژووی گه‌لی کوردماندا له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و شۆڕشه‌کانی ڕزگارییخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی جیهاندا وێنه‌ی نه‌بووه. له‌و بواره‌دا ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان به‌ڕێوه نه‌بردووه ، له جیاتی نزیککردنه‌وه و کۆکردنه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌ناو خۆیاندا ، به‌شێک له جه‌سته‌ی خۆیان لێکردووه‌ته‌وه و له جیاتی به‌ربه‌ره‌کانیی به دژی ڕژێمی کۆنه‌په‌رست ، به‌ربه‌ره‌کانیی ڕۆڵه‌کانی خۆیان و هاوسه‌نگه‌رانی خۆیان ده‌که‌ن. له کام شوێنی جیهاندا بیندراوه ، مرۆڤ ئاماده بێت خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌ی بکات ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداریی خۆیی پێشی پێبگرێت؟ بۆچی حیزبه‌کانمان له یه‌که‌وه بوونه دوو و هی واش هه‌یه بووه‌ته حه‌وت!به ڕای من ئه‌مڕۆ کورسیی گه‌لی کورد له بزوتنه‌وه‌ی ئێران‌دا به‌تاڵه. له دوو حاڵه‌ت به‌ده‌ر نییه ، ئه‌گه‌ر ئێمه خۆمان به ئێرانیی ده‌زانین ، ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئوپۆزسیۆنی ئێران بکه‌وین به کۆمه‌ڵه ، دیموکرات ، موجاهید ، توده ، فیدایی ، جبهه‌ی میللی ، نه‌هزه‌تی ئازادی و حیزبی ئێران و چی و چییه‌وه. ئه‌گه‌رنا با دروشمه‌کانمان بگۆڕین. ده‌بێ دوژمنایه‌تی ناوخۆیی ڕێکخراوه‌کان کۆتایی پێبێت ، یه‌ک بگرنه‌وه و به‌سه‌ر هه‌ڵه‌کانیاندا بچنه‌وه و بوێرانه ڕه‌خنه له هه‌ڵه‌کانی ڕابوردوویان بگرن. داوای به‌خشین له بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده‌کان بخوازان. ئێمه هه‌موومان به‌رپرسی هه‌ڵه‌کانی ڕابووردووین و ده‌بێ به دڵی پاکه‌وه ئه‌و ڕاستییه بسه‌لمێنین. چونکه چه‌ند ڕێکخراوی پارچه پارچه و دوژمن به یه‌کتر نابن به‌و ئوپۆزسیۆنه‌ی که شیاوی گه‌لی کورد و بزوتنه‌وه درێژخایه‌نه‌که‌یه‌تی.
پرسیار: پێتان وایه که ده‌بێ بزوتنه‌وه‌ی کورد چی بکا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له کاتی پێک هاتنی هه‌رجۆره ئاڵ و گۆڕێکدا پارێزگاری له ویست و داخوازی‌یه‌کانی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا بکات؟
وه‌ڵام: ره‌نگه له‌گه‌ڵ وه‌ڵامی سه‌روودا ، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ت وه‌رگرتبێته‌وه. به ڕای من ئه‌گه‌ر ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به په‌له به‌سه‌ر هه‌ڵه‌کانیاندا نه‌چنه‌وه ، له ئاڵوگۆڕه‌کانی داهاتوودا که بێگومان جێی چاوه‌ڕوانییه ، گه‌لی کورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خانه‌ی ڕوداوه‌کانی ساڵی 1979 . ئوپۆزسیۆنی سه‌رکه‌وتویی ئێرانی و حکومه‌تی داهاتوی ئێران سه‌رنج به بایه‌خه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان و نیشتمانییه‌کانی گه‌لی کورد نادات. هه‌م له بواری خاک و هه‌م له‌بواری نه‌ته‌وه‌وه زوڵممان لێده‌که‌ن. چاره‌یه‌ک بۆ ڕێکخراوه سیاسییه‌کان ناهێڵنه‌وه و دوو ڕێیان ده‌خه‌نه به‌رده‌م ، یان ده‌بێ ته‌سلیمی خواسته‌کانیان بن ، یان سه‌رله‌نوێ ده‌ست بده‌نه‌وه چه‌ک.
|