 یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندی‌یه هه‌ره دزێوه‌کانی به‌شێک له ئه‌ندامانی به‌ڕێوه‌به‌ری " یه‌کیه‌تی نیشتیمانی کوردستان" ئه‌وه‌یه که زۆر بێ باکانه به دیکتاتۆران، خوێنرێژان ....هه‌ڵده‌ڵێن و وه‌ک ئه‌وه که شاکاریان کردبێ ، وه‌سفه‌که‌یان درێژه پێ ده‌ده‌ن. ره‌نگه له‌وه ناحه‌زتر نه‌بێ که که‌سێکی شۆڕشگێر به جه‌لادێکی وه‌ک خومه‌ینی هه‌ڵبڵێ که له ساڵی 1358ی هه‌تاوی دا فه‌رمانی "جیهادی" له دژی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا ده‌رکرد و جه‌للاده‌کانی بۆ "غه‌زا" ره‌وانه‌ی کوردستان کرد که ته‌نانه‌ت ره‌حمیان به په‌له‌وه‌رو بالنده‌کانیش نه‌ده‌کرد و پیروجه‌وانی، ژن و منداڵی خه‌ڵکی کوردستانیان شه‌هید ده‌کرد. هه‌ر ئه‌و جه‌لاده واته خومه‌ینی له ساڵی 67 ی هه‌تاوی دا فه‌رمانی قه‌تڵ و عامی هه‌زاران که‌س له زیندانیانی سیاسی ئێرانی ده‌رکرد و به‌م جۆره به‌شێک له ئازاترین و باشترین رۆڵه‌کانی گه‌لانی ئێرانی ئێعدام کردن. به‌ڵێ ئه‌مرۆ له ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی سه‌ر به "یه‌کیتی" دا به‌شێک له پێ‌هه‌ڵگوتنه پر حه‌ماسی‌یه‌که‌ی کاک مه‌لا به‌ختیارم گوێ لێ‌بوو که به به‌ژن و باڵای خوێنرێژترین که‌س واته خومه‌ینی دا ده‌چۆوه خوارێ. نازانم بۆ ئه‌و جه‌نابانه خۆیان راسته‌وخۆ دێنه ئه‌و گۆڕه‌پانه قێزه ونه‌وه و که‌سانێکی دیکه بۆ ئه‌و تاریف و وه‌سفه شه‌رم هێنه‌رانه دیاری ناکه‌ن؟.
|